مارکسیزم و مەسەلەی چەوسانەوە

مێژو 2/08/2007 10:35:42 | به ش : وتار


نووسینی: تۆنی کلیف
پوختەی مارکسیزم ئەوەیە : " ڕزگاریی چینی کرێکار لە ئەستۆی چینی کرێکار خۆی دایە " لە هەمان کاتیشدا مارکس ئەوە رادەگەیەنێ کە بیروباوەری زاڵی ناو کۆمەڵگە بیروباوەری چینی دەسەڵاتدارە. یەکی لە گرنگترین شێوەکانی بەرجەستە بوونەوەی ئەم بیروباوەرە، پارچە پارچە کردنی یەکێتی چینی کرێکارانە بۆ رەگەز و نەتەوە و چینی جیاوازە.


چەوسانەوەی رەش پێستەکان لە لایەن سپی پێستەکانەوە، ژنان لە لایەن پیاوانەوە ...هتد، ریزی چینی کرێکار لەت و پەت دەکات و سیاسەتی دابەشکردن و حوکم کردنی دەسەلاتی سەرمایەداران پتەوتر دەکات.

دەبێ ئەم چەوسانەوەیە بە چ شێوەیەک کاریگەری بخاتە سەر گوزەرانی ئەو کرێکارانەی کە سەر بە بەشە چەوساوەکەن؟ کرێکارە رەش پێستەکان لە بەریتانیادا وەک کرێکار دەچەوسێندرێنەوە، هەروەها جیاکردنەوەیان وەکو رەش پێستێکیش ئەم چەوسانەوەیە قووڵتر دەکاتەوە و کرێ ی کەمتر وەردەگرن و هەلومەرجی کارکردنەکانیشیان قورسترە. بە دەست سەرپەنای خراپ و کەموکوری یە کۆمەڵایەتیەکانی تریشەوە دەناڵێنن. هەمان شتیش بە سەر ژنانی کرێکاردا سەپاوە، کە قورسایی دوو چەوسانەوەیان لە سەرە : کە بریتی یە لە بە دەستهێنانی دەرامەت و مناڵ بە خێو کردن و کاری ناو ماڵیش. زۆربەی ئەو کارانەی ژنان دەیکەن لاوەکین و لە پەراوێزدان و بەمەش کەمترین هەلیان بۆ دەڕەخسێ تا شارەزایی و زانست بە دەست بهێنن، سەرەڕای ئەمەش لە زۆر شوێندا ناچاردەکرێن دەست لە کارەکانیان هەڵگرن تاکو منداڵە ساواکانیان پەروەردە بکەن ...ستەمکاری دژ بە ژنان چەوسانەوەکەیان قووڵتر دەکاتەوە.

بەڵام ئەم ستەمکاری یە چ کاریگەری یەکی دەبێت بە سەر ئەوانەوە کە سەر بە بەشە ستەمکارەکەن؟ گومانی تێدا نی یە کە ئەوان وا مەزەندە دەکەن کە مرۆڤێکی باڵاترن لەو کرێکارانەی تر کە لە خوارەوەن، بەڵام ئایا لە ڕاستی دا سوود لەوە وەردەگرن؟! کرێکارە سپی پێستەکان لە وویلایەتەکانی باشووری ووڵاتە یەکگرتووەکان پێیان وایە ئەم جیاکردنەوەیە لە قازانجییان دایە چونکە کرێ ی زیاتر لە ڕەش پێستەکان وەردەگرن، ماڵەکانیان باشترە و ...هتد. بەڵام بە بەراورد کردن لە گەڵ کرێکارانی سپی پێستی باکووردا، کرێکارانی سپی پێستی باشوور کرێ یان زۆر کەمترە.

ڕەنگە کرێکارە پرۆتستانتەکانی ئێرلەندای باکوور پێیان وا بێ کە چەوسانەوەی کاسۆلیکەکان بۆ ئەمان شتێکی باش بێت، ئەگەر وانەبوایە لە گەڵ مەسەلەکەدا نەدەبوون. کەواتە کرێکارانی پرۆتستانت کاری باشتر و پشووی باشتریان لەوانەی تر دەست دەکەوێت ...بەڵام بە بەراورد لە گەڵ هاورەگەزەکانیان لە بێرمێنگهام و گلاسکۆ دەر دەکەوێت کە ئەم کرێکارانە کرێ یەکی زۆر کەمتر وەردەگرن.

هەمان شت لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان کرێکارانی ژن و پیاویشەوە ڕاستە. پیاو کرێ ی زیاتر وەردەگرێ .. کەواتە لە ڕووکەشدا پیاوەکە سوود لەم ستەمە وەردەگرێت، بەڵام ئەمە دیمەنێکی زۆر شێواوی بابەتەکەیە. تۆ بیر لەم قسانەی خوارەوە بکەرەوە.. کرێکارێکی پیاو بەم شێوەیە بۆ برادەرەکەی دەنووسێت (( ئایا هەواڵە – سەرسورهێنەرە ئاساکانت دەربارەی من بیستووە؟ هاوسەرەکەم چەند قروشێک وەکو کرێ وەردەگرێت .. لە گەڵ ئەمەشدا کارەکەی لەژێر مەترسی نەماندایە، وەکو دەشزانی گوزەران چەند قورسە .. بۆ ئەوەی قوڕەکەش زیاتر خەست بکاتەوە ئێستا دووگیانە و هیچ ڕێگاچارەیەکیش نی یە بۆ لە باربردنی .. هەواڵی گرنگن ها ))".

ئەگەر بە هۆی شەمەندەفەرێکی شل و شێواوی پڕ لە پیسی یەوە گەشتێک ئەنجام بدەم، بێ گومان وەکو سپی پێستێک لای پەنجەرەکەوە جێگام بۆ دەکەنەوە و هەرچی ڕەش پێستەکەشە دوور لە پەنچەرەکە و لە شوێنێکی خراپتردا جێی بۆ دەست نیشان دەکرێ. بەڵام لە راستی دا خودی کێشەکە لە شەمەندەفەرەکەدایە. هەموومان دەبێ دووچاری ناڕەحەتی یەکانی هەمان شەمەندەفەر ببینەوە و هیچ مان دەسەلاتمان بە سەر ئەو شوفێرەدا ناشکێ کە هەموومان بەرەو هەڵدێر دەبات.

ستەملێکراوترین بەش لە نێو چینی کرێکاردا هەمیشە ڕەفتارە ترستاک و بەربڵاوەکانی سەرمایەداری بەرجەستە دەکەنەوە. ترۆتسکی نووسیویەتی – ئەگەر کەسێک دەیەوێ پەی بە پێویستی گۆڕان بەرەو کۆمەڵگایەکی نوێ بەرێت دەبێ لە چاوی ئافرەتێکەوە بڕوانێتە شتەکان. ئەوەی دەیەوێ پەی بە سروشتی گەندەڵی و گەنیوی سەرمایەداری بەرێ پێویستە لە چاوی جولەکەیەکی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمەوە بڕوانێتە جیهان. ئەگەر کەسێکیش بیەوێ لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی بەریتانیا تێ بگات .. دەبێ لە چاوانی نیڤڵ و دۆرین لۆرانسی باوک و دایکی ستیڤن لۆرانس – ئەو گەنجە رەش پێستەوە – بڕوانین کە لە لایەن پێنچ نازی یەوە کوژراو پۆلیسیش بەرگری لە بکوژەکانی کرد.

بۆ ئەوەی یەکێتی یەک لە نێوان کرێکارانی سپی پێست و رەش پێست دا بێتەدی، پێویستە کرێکارانی سپی پێست بەپیر کرێکارانی ڕەش پێستەوە لە میلێکش واوەتر بچن. بۆ بەدیهێنانی یەکێتی نێوان ژن و پیاو، پێویستە پیاوانی کرێکار لەو بێ دەربەستیەی کە تیایدان دەربچن و بیسەلمێنن کە ئەوان بەشێک نین لەو ستەمکاری یە. ساڵی 1902 لینین ئەم مەسەلەیەی زۆر بە سادەیی دەر بڕیوە و دەنووسێ : کاتێ کرێکاران لە پێناو کرێ ی زیاتردا ماندەگرن، بە سادەیی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان سەندیکالیستن. تەنها ئەو کاتەش سۆسیالیستی ڕاستەقینەن کە مانگرتنێک بەرپا بکەن لە دژی چەوسانەوەی جولەکەکان یاخود خوێندکاران.

مانگرتنێک کە لە لایەن کرێکارانی ڕەش پێست و سپی پێستەوە بەرپا کرابێت دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ تەنگ پێ هەڵچنین بە ڕەگەزپەرستی. دەبێتە مانگرتنێک کە هاوپشتی پتەو بکات و لە ئەنجامی ئەوەشدا کاریگەری پتری هەبێت لە سەر مەسەلە مامناوەندیەکانیش. گۆرانکاری ڕوحی ناو کرێکاران یەکێکە لە مەزنترین ئەنجامەکانی ئەو مانگرتنە.

بەڵام دەتوانرێ هاوپشتی لە خۆپیشاندانێکی دژ بە ڕەگەزپەرستیوە دەستی پێ بکرێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ هەست کردن بە یەکگرتوویی لە گەڵ کرێکارانی ڕەش پێستدا، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتوی ململانێ پیشە سازی یەکانیان. ئەو کۆبوونەوانەی لە لەندەن بۆ نیشاندانی هاوپشتی لە گەڵ خێزانی لۆرەنس دا بە شێوەیەکی زۆر فراوان بەستران کاریگەریەکی زۆریان دەبێت. نەک هەر لە سەر هەڵوێستی ملیۆنان خەڵک لە بەرامبەر پۆلیس دا بەڵکو دەبێتە هۆی بەخشینی هەلێکیش بۆ توندکردنەوەی هاوپشتی نێوان کرێکاران لە سەر چەندین مەسەلەی تر.

مانگرتنێک کە پیاوان و ژنان شان بە شانی یەک بەرپای دەکەن دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ بەزاندنی جیاوازی سێکسی. ئێمە دەبێ کۆمۆنەی پاریس مان بێتەوە یاد کاتێ ژنان ئازایانە جەنگین، تەنانەت نەبەردیان بە شێوەیەک بوو کە وای لە هەواڵنێرێکی بەریتانی کرد بەو پەری دڵنیایی یەوە ڕایبگەێنێت کە ( ئەگەر هەموو کۆمۆنارەکان ژن بوونایە سەرکەوتنی کۆمۆنە مسۆگەر دەبوو).
لە کۆبونەوەیەک دا کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ندەن بەسترا وتم: ( با شۆڕش بەرپا ببێت. ئەو کات ئافرەتێکی گەنجی ڕەشپێست و لەزبیانی تەمەن 26 ساڵە، لە لەندەنن دەبێتە بەرپرسی یەکەمی شورا کرێکاری یەکان) من لە بەر ئەوە ئەم سیفەتانەم هەڵبژارد چونکە هەر یەکێک لەو سیفەتانە تەلیسمێکی سەرمایەداری یان بەتاڵ دەکردەءە: گەنجی خراپە، ڕەشپێستی خراپە، ژن خراپە ، ئافرەتی لەزبیانی خراپە ... دوا بە دوای کۆبونەوەکە ئافرەتێکی ڕەشپێستی گەنج لێم نزیک بوەوە و پێ ی وتم : ( ئەو ئافرەتەی باست کرد منم .. من ڕەشپێستم، ئافرەتم، تەمەنم 26 ساڵە و لەزبیانیشم). بەڵام من پێم وت زۆر بە داخەوە خوشکێ شۆرش لە ماوەی 10 ساڵ دەکرێت ئەو کات کاروانەکە جێت دەهێلێت! ئەو کاتە بە تەمەنتر دەبیت. بێ گومان دەبێ ئەم قسانەشم وەکو خۆی وەرنەگیرێت. بەر پرسی یەکەمی شورا کرێکاری یەکانی لەندەن دەشێت پیاوێکی ئیرلەندی 70 ساڵە و باوکی 15 مناڵ بێت.

شۆڕشگێر دەبێت تەواو نەیاری هەموو شێوەکانی ستەمکاری بێت. شۆڕشگێڕێکی سپی پێست دەبێ لە شۆڕشگێڕێکی ڕەشپێت پێ داگرتربێت لە سەر بەربەرەکانیکردنی ڕاسیسزم. شۆرشگێرێکی ڕەگەزی باڵا پێویستە لە هەموو جوولەکەیەک بە گوڕتر دژی بیرۆکەی (دژی- سامیەت) بێت . شۆڕشگێڕێکی پیاو پێویستە بە تەواوی لە بەرامبەر هەر جۆرە ستەم و زۆر لێکردنێک بێ لە سەر ژنان. ئێمە دەبێ بڵندگۆی ستەم لێکراوان بین.

دەربارەی نووسەر
"تۆنی کلیف" Tony Cliff ساڵی 1917 ، هەمان ساڵ کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیای تیا بەرپابوو، لە فەلەستین لە دایک بووە. ساڵی 1930 بووە بە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕ ، یەکێک بووە لە پەیڕەوکەرانی لیۆن ترۆتسکی. دوا بە دوای ئەوەی لە فەلەستین دا کاری کردووە بۆ پێکهێنانی گڕوپێکی بچووکی شۆڕشگێڕ لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دا هاتۆتە بەریتانیا. بە دوای خوێندنەءەیەکی چڕو تێبینی کردنی بارو دۆخی ووڵاتەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، کە لە فەلەکی یەکێتیی سۆڤیەت دا دەخولانەوە، دەستبەرداری ترۆتسکیزمی ئەرتەدۆکس بووە.

"کلیف" گروپی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی دامەزراند کە بووە زەمینەیەک بۆ پێکهێنانی" سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی" لە شەستەکان دا و هەروەها "حیزبی کرێکارانی سۆسیالیست" لە حەفتاکان دا.

خاوەنی دەیان پەرتووک و نامیلکە و سەدان وتاری جۆراو جۆرە. لەوانە پەرتووکی سەرمایەدای دەوڵەتی لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1947 نووسیویەتی و وەرگێردراوە بۆ 16 زمانی دونیا. سێ بەرگ دەربارەی کارو ژیانی لینین و چوار بەرگیش دەربارەی ترۆتسکی، هەروەها پەرتووکی خەباتی چینایەتی و رزگاری ژنان ، ترۆتسکیزم دوای ترۆتسکی ، تیوری شۆرشی بەردەوامی بەلارێدابراو، مارکسیزم لە هەزارەی سێیەم دا ...هتد. ماوەیەکی کەم دوای دەرچوونی پەرتووکێک لە بارەی ژیانی خۆیەوە کە بە ناونیشانی ( ژیانێک بۆ بردنەوە: بە سەر هاتی شۆڕشگێڕک) لە نیسانی 2000 دا کۆچی دوایی کرد.
ئەم نووسراوەیە (مارکسیزم و مەسەلەی چەوسانەوە) بەشی حەوتەمی پەرتووکێکە بە ناوی (مارکسیزم لە هەزارەی سێیەم دا). لە ڵایەن "دەستەی ءەرگێران و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی سۆسیالیستی" کراوە بە کوردی و لە شێوەی پەرتووک لە کوردستان بڵاو کراوەتەوە. بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکە بەم ئیمایلەوە: azadarman@hotmail.com




ئه م بابه ته وه ر گیراوه له وێبگه ی سۆسیالیسته ئه نته ر ناسیوناله کان
http://www.kurdistansocialists.org/isk

ئه م لینکه ی خواره وه ناونیشانی ئه م بابه ته یه
http://www.kurdistansocialists.org/isk/article.php?storyid=10